لەم پۆدکاستەدا لە بارەی پەیوەندی نێوان ژیری دەستکرد و سیاسەت دەدوێین، تا بزانین سیاسەتی وڵاتان چییە لەبارەی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیەوە. هەروەها باس لە کاریگەرییەکانی ژیری دەستکرد دەکەین بۆ سەر بواری ڕۆژنامەوانیی. لەم پۆدکاستەدا گفتووگۆ لەگەڵ ڕێنوار نەجم دەکەم. ڕێنوار خاوەنی بڕوانامەی بەکالریۆسە لە زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزیی، لە ڕۆژنامەی ئاوێنەوە دەستی بەکاری ڕۆژنامەنووسی کردووە و ماوەی زیاد لە ١٠ ساڵە لەو بوارەدا کاردەکات. هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان، لە بواری ئاشتی و ململانێ لە زانکۆکانی کەنت لە بەریتانیا و ماربۆرگ لە ئەڵمانیا.
ئێمە ئەوە دەزانین کە مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابووە کە پێناسەی نوێ بداتەوە بە شار، لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکانی مرۆڤایەتییش شار بە جۆری تر خۆی نمایشکردووە. ئێستا لەگەڵ چەند دەیەیەک لە هەبوونی تەکنەلۆژیا، دەسەڵاتە جیاوازەکان بە شێوەی جیاواز هەوڵی ئەوە دەدەن کە شارەکان بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا پەرە پێبدەن، یاخود شاری نوێ بە سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاری دروست بکەن. ئەم گفتووگۆیە لە ئەنجامی نووسینی ڕیسێرچێکی محەمەد مەولەوی بووە سەبارەت بە شاری زیرەک لە هەرێمی کوردستان.