(لافکادیۆ، ئەو شێرەی تەقەی دەکردەوە - بەشی ١ لە ٨ (شێڵ سیڵڤێرستین
Radiobash ڕادیۆباش
11 minutes 17 seconds
3 months ago
(لافکادیۆ، ئەو شێرەی تەقەی دەکردەوە - بەشی ١ لە ٨ (شێڵ سیڵڤێرستین
دۆستان! ئێستا مامە شێڵبی بەتەمایە چیرۆکێکتان بۆ بگێڕێتەوە سەبارەت به شێرێکی زێدە بەهێز،لەڕاستیدا بەهێزترین شێرێک کە تا ئێستا دیتوومە. جا ئێستا لە کوێوە کلکی بگرین؟ مەبەستم ئەمە بوو کەڵکی لێ وەربگرین. وابزانم دەبێ لەو ساتەوە دەست پێ بکەم کە بۆ یەکەم جار شێرەکەم دیت. با بزانم... هەینییەکی بیست و شەشی سەرماوەز بوو له «شیکاگۆ». ئەمەم زۆر بە ڕوونی لە بیرە، چون بەفر تازە ببووە شڵێوە و تڕافیک له شەقامی «دۆرچێستێر» زۆر قورس بوو و شێرەکە خەریک بوو به شوێن سەرتاشخانەیەکدا دەگەڕا و سەیری دەوروپشتی دەکرد و منیش تازه خەریک بوودەگەڕامەوە ماڵەوە لە... نا، وابزانم دەبێ چیرۆکەکە زۆر بەر لەمەوە دەست پێ بکەم.پێموایە دەبێ لەو کاتەوە باسی شێرەکەتان بۆ بگێڕمەوە که گەنجێک بوو. زۆر چاکه. هەبوو نەبوو، شێرێکی گەنج هەبوو و ناویشی - بەڕاستی نازانم ناوی چ بوو، چون له دارستاندا لەگەڵ دەستەیەک شێری دیکەدا دەژیا و ئەگەر ناویشی بووبێ، بێگومان لەو ناوانە نەبووە وەک «ڕۆژیار» یا «هەورام» یا شتی لەم شێوەیە؛ نەخێر، زیاتر پێ دەچێ ناوێکی شێرانه بووبێ وەک ڕەنگه «شریخان» یا «خرۆششین» یا «خڕششش». دەی، هەرچۆنێکی بێ، ناوێکی لەم شێوەیەی هەبوو و لە دارستاندا لەگەڵ شێرەکانی دیکەدا دەژیا و به کاروباری ئاسایی شێرانەوە سەرقاڵ بوو، وەک پازدان و یاریکردنی نێو گیاوگژ و مەلەکردنی نێو ڕووبار و ڕاوەکەروێشک و کەوتنە شوێن شێرەکانی دیکە و خۆهەڵخستن لە بەر تیشکی خۆرەتاو. زۆریش دڵشاد بوو.
دەی، پاشان ڕۆژێک نیوەڕۆ - بڕوام وایە پێنجشەممە بوو - پاش ئەوەی شێرگەل هەمووان خۆراکێکی چاکیان خواردبوو و لە بەر خۆرەتاودا خەوتبوون و شێرە پڕخنەکان پڕخەپڕخیان بوو و ئاسمان ساو بوو و باڵندە دەیانجریواند و گیاوگژ به شنەی با کەوتبوونە سەما و گشت دارستان هێمن و جوان بوو، لەپڕ...
دەنگێکی نائاسایی و بەرز بیسترا. هەموو شێرەکان خێرا لە خەو ڕابوون و هەڵبەزینەوە. پاشان دەستیان کرد به ڕاکردن، به تەراتێن، بە تاودان، بە غاردان، به لنگاردان (یا ئەمانە هی ئەسپن؟) دەی، شێر چۆن هەڵدێن ئەوانیش وا هەڵاتن. نازانم، ڕەنگه بە پڕتاوان. هەرچۆنێکی بێ، هەمووان بە هەڵاتن دوور کەوتنەوە. هەڵبەت، هەموو هەمووش نا...
لەم نێوەدا شێرێکیش هەبوو که ڕای نەکرد و ئەمەش ئەو شێرەیە کە من دەمەوێ بەسەرهاتەکەیتان بۆ بگێڕمەوە. ئەم شێرەیان بەس قیت دانیشت و چاوی ترووکاند و چاوی داگرت لە ژێر تیشکی خۆرەتاودا و باسکی لە بەر یەک کێشایەوە (یا ڕەنگه پەنجەی لە بەر یەک کێشابێتەوە) و خەوی لە چاوی داماڵی و وتی: «ئەرێ مەسەلە چییە، بۆ هەمووان خەریکن ڕا دەکەن؟!» پاشان شێرێکی پیر که له نزیک ئەو ڕای دەکرد، وتی: «هەڵێ ڕۆڵە! هەڵێ هەڵێ هەڵێ هەڵێ هەڵێ، ڕاوچی خەریکن دەگەنێ!» شێرە گەنجەکە هەروا بەدەم چاوترووکاندنەوە وتی: «ڕاوچی؟ ڕاوچی؟ ڕاوچی چییە؟» شێرە پیرەکە وتی: «چاو! وا باشترە بیبڕییەوە و چیدی پرسیار نەکەی و غار بدەی ئەگەر چاکەی خۆتت گەرەکە!» سا شێرە گەنجەکە قیت بووەوە و خۆی لە بەر یەک کێشایەوە و دەستی کرد به ڕاکردن به دوای شێرەکانی دیکەدا. به تاودان، بە تەراتێن؟ وابزانم ئەم باسەمان پێشتر بڕیوەتەوە. پاش ماوەیەک ڕاکردن، دەمێک وەستا و سەیری پاش خۆی کرد. لە بەر خۆیەوە وتی: «ڕاوچی؟ پێم خۆشە بزانم ڕاوچی چییە!» پاشان پەیتاپەیتا وشەی ڕاوچیی بۆ خۆی دووپات کردەوە: «ڕاوچی... ڕاوچی...» و پێتان بڵێم سەیر چییە؟ کەیفی به دەنگی وتنی وشەی ڕاوچی هات (چۆن خەڵک کەیفیان به دەنگی وشەی وەک کوولەکە یا گەزیزە یا چۆلەکە یا گوڵەبەڕۆژە دێ) ئەویش کەیفی به دەنگی وشەی ڕاوچی هات. کەواتە لێ گەڕا هەموو شێرەکانی دیکە به بەرەوە ڕا بکەن و خۆی ڕاوەستا و لە نێو گیاوگژه بەرزەکاندا خۆی شاردەوە و هێندەی پێنەچوو ڕاوچییەکانی لێ وەدیار کەوت کە نزیک دەبوونەوە و له سەر پێی پاشەوەیان وەستابوون و کڵاوی سووری جوانیان لە سەر بوو و جۆرێک شووڵی سەیریان به دەستەوە بوو که دەنگێکی بەرزی لێوە دەهات. بەڵێ، تەنانەت کەیفی به سیما و ڕەنگوڕوخساریان هاتبوو. جا بۆیە کاتێک ڕاوچییەکی ڕێکوپێکی چاوشین که ددانێکی پێشەوەی کەوتبوو و کڵاوێکی سووری لە سەر بوو (کە کەمێک ساڵادی هێلکەی پێوە بوو) به تەنیشت گیاوگژە درێژەکەدا تێپەڕی، شێرەکە قیت بووەوە. وتی: «سڵاو ڕاوچی!» ڕاوچییەکە دەستی کرد به هاتوهاوار: «وەی هاوار خودایە! شێری دڕندە! شێری کوشندە! شێری خوێنمژ! شێری پیاوکوژ!» شێرە گەنجەکە وتی: «من شێری پیاوکوژ نیم! بەس کەروێشک و تووتڕک دەخۆم.» ڕاوچییەکە وتی: «بیانوو و پاساوی ناوێ. ئێستا لێت ڕادەكێشم.» شێرە گەنجەکە وتی: «بەڵام ئەوەنییە خۆم ڕادەست کردووە!» و پەنجەکانی بەرز کردەوە. ڕاوچییەکە وتی: «خۆت شێت مەکە! کێ تا ئێستا بیستوویە شێرێک خۆی ڕادەست بکا؟ شێرەکان خۆ وەدەست نادەن، بەڵکوو تا دوایین سات شە
Back to Episodes