
ئەگەر یەکەم هەوڵی 'یۆهان گۆتەنبێرگ'ـی ئەڵمانی لە سەدەی پانزە بۆ دروستکردنی ئامێری چاپ، وەرچەرخانێکی مێژوویی بێت لە بواری چاپکردنی نووسیندا، ئەوا ساڵی 1915 بۆ کورد وەرچەرخانەکە تایبەتمەندی وەردەگرێت و بۆ یەکەم جار دەستنووسە کوردییەکان ئاسۆی چاپکردنیان لەسەر دەستی حوسێن حوزنی مکوریانی بەڕوودا رۆشن دەبێتەوە.
حوسێن حوزنی موکریانی (1893–1947) یەکەم کەس بوو کە بە شێوەی تایبەتی چاپکردنی نووسراوە کوردییەکان دەستپێکرد. ساڵی 1915 لە ئەڵمانیا چاپخانەیەکی کڕی و دواتر بردی حەلب، 1925ش هێناوە بۆ کوردستان. بەو چاپخانەیەوە چەند گۆڤار و رۆژنامەی گرنگی وەک زاری کرمانجی، رووناکی و دەنگی گێتی تازە بە هاوکاری هاوڕێکانی چاپکرد. ئەو هەنگاوە بنەمای گەشەی مێژوو و ئەدەبی کوردی بوو و هێشتا چاپخانەکان لە باشووری کوردستان بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی ئەدەب و مێژوو.